بۆچی مێسی بڕیاریداوە ئەم هاوینە بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت؟

مێسی تەنانەت ئامادە نییە وەڵامی پەیوەندیی بەرپرسانی یانەکەشی بداتەوە

میدیاکانی ئیسپانیا ئەوروپا هەواڵی خۆشیان لەبارەی چارەنووسی مێسی لە بارسێلۆنا پێ نییە، زۆربەی میدیاکانی کەتەلۆنیا و ئیسپانیا دەنگۆی رۆیشتنی لیۆ لە کامپ نوو بڵاو دەکەنەوە، وادیارە مێسی سوورە لەسەر ئەوەی لەم هاوینە لە بارسێلۆنا بڕوات.
بەرنامەی ئێل چێرێنجیتۆی بەناوبانگی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، مێسی لەدوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن بە هیچ شیوەیەک ئامادە نییە قسە لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنادا بکات و پەیوەندییەکانیان وەڵام ناداتەوە، بۆیە بەرپرسانی بارسێلۆنا تەنیا هیوایان بە رۆناڵد کومان راهێنەری نوێی یانەکە ماوە لیۆ رازی بکات لە یانەکە بمێنێتەوە.
گەرچی کومان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مێسی هەوڵیدا لیۆ رازی بکات لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، مێسی پێداگیری لەسەر رۆیشتن دەکات چونکە پێیوایە ئەگەر وەرزی داهاتوو لە یانەکە بەردەوام بێت و ئەنجامی باش بەدەست بهێنن، ئەوا خزمەت بە کەسایەتی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی بارسێلۆنا دەکەن و بارتۆمیۆ بەهێزتر دەبێت، بۆیە لیۆ ئامادە نییە لە یانەکە بەردەوام بێت و سوورە لەسەر ئەوەی لەم هاوینە بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، لەکاتێکدا لیۆ هاوینی 2021 گرێبەستەکەی لە یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی دێت و نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی 700 ملیۆن یۆرۆیە.
میدیاکانی ئارجێنتینا ئاشکرایان کردووە، چەند رۆژێکی دیکە بە تەواوەتی بڕیاری مێسی یەکلا دەبێتەوە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش ئاشکرایکردووە، بەشێک لە بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیانوایە رێگا بە مێسی بدرێت لە یانەکەیان بروات چونکە لە کۆڵ مووچە زۆرەکەی لیۆ دەبنەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، بەرپرسانی بارسێلۆنا هێشتا بە تەواوەتی بێ هیوا نەبوون، هیوایان بە کومان هەیە لە چەند رۆژی داهاتوو بە کۆبوونەوەیەکی دیکە مێسی هێور بکاتەوە، چونکە لە کۆبوونەوەی یەکەمیشیان سەرەتا لیۆ زۆر تووڕە بووە بەڵام دوای گوێگرتن لە قسەکانی کومان ئارام بووەتەوە و تووڕەییەکەی کەمبووەتەوە.
بەشێک لە میدیاکان ئاشکرایانکردووە، ئینتەر میلان و مانچیستەر سیتی و پاریس سانجێرمان دەستیان بە هەولەکانیان کردووە بۆ ئەوەی لیۆ بگوازنەوە، بۆیە سێ هەفتەی داهاتوو چارەنووساز و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی یەکلا بێتەوە وەرزی داهاتوو مێسی درێسی کامە یانە دەپۆشێت