وائل حازم: پێویستە سیاسییەکانی عێراق لە سەرۆک بارزانییەوە فێری بەڕێوەبردنی وڵات ببن
شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی دەڵێت: پێویستە سیاسییەکانی عێراق دڵگران نەبن کاتێک دەڵێم، پێویستە لە سەرۆک بارزانییەوە فێری بەڕێوەبردنی وڵات و پێشخستنی ببن.
وائل حازم، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 گوتی:" عەقڵیەتتێک هەیە لە عێراق، دەیەوێت کێشەکان بەردەوام بێت و نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت، ئاماژە بەوەش دەکات، دەستوور لەهەموو بوارەکان پێشێل کراوە و ئەوەی سیاسییەکانی عێراق دەیکەن، راستەخۆ کاریگەریی لەسەر تەواوی هاووڵاتییانی عێراق دەبێت، دەڵێت: ئەو سیاسییانەی عێراق بەڕێوەدەبەن، داهاتووی سیاسیی نا سەقامگیر دەکەن.
وائل حازم دەشڵێت: بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سیاسییە و زوڵمە لێیان دەکرێت، زوڵمێکە هیچی کەمتر نییە لەوەی سەدام حوسێن دژی کورد دەیکرد، دەبێ هەمووان بزانن بەشداریی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق زۆر گرنگە و کاریگەریی خۆی هەیە.
شرۆڤەکارە سیاسییەکەی عێراق گوتی: ئەوان شەرم لەخۆیان دەکەن کاتێک دەبینن ئەو هەموو پێشکەوتنە لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتوون، پێشکەوتنەکانی کوردستان شکستی عێراقی دەرخست و نیشاندا، هەموو پارێزگا و ناوچەکانی عێراق دەخوازن وەکو هەرێمی کوردستان بن.
لەبارەی گرێبەستەکانی وزەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکاش،وائل حازم گوتی: گرێبەستەکان بەپێی دەستووری عێراقە، هەرێمی کوردستانیش ئارامترین ناوچەی عێراقە بۆ وەبەرهێنان لەبواری وزەدا کە کۆمپانیاکان ناتوانن لە ناوچەکانی عێراقدا بیکەن، کۆمپانیاکان لە ناوچەی ئارام دەگەڕێن بۆ وەبەرهێنان، ناشتوانن گرێبەست لەگەڵ میلیشیاکان بکەن.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی وڵاتیش، وائل حازم گوتی: پێویستە سیاسییەکانی عێراق خول بۆ فێربوونی ئیدارەدانی دەوڵەت ببینن، پێویستە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق لە سەرۆک بارزانییەوە خولێک وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەکەیان بنیات بنێن و بەرەو پیشەوەی ببەن.