ئه‌مه‌ریكا: پێویسته‌ تەواوی کێشە هەستیارەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چارەسەر بکرێن

"باشبوونی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە"

K24- هه‌ولێر:

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق گوتی: بە بوونی نیازێکی باش دەکرێ تەواوی کێشە هەستیارەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، شاندی عێراق کۆبوونەوەی زۆر گرنگی لە واشنتن ئه‌نجامداوه‌ و عێراق رۆڵێکی باڵا لە ناوچەکە دەگێڕێت.

توله‌ر جه‌ختی كرده‌وه‌، "ئێمە رێز لە گرنگی رۆڵی عێراق لە ناوچەکە دەگرین، پێم وایە سەردانی ئەمجارەی کازمی بۆ واشنتن دەرخەری ئەوەیە، هەردوولا پابەندن بە رێکەوتنی دوورمەودای ستراتیژی، پەیوەندییەك کە سوودی بۆ هەردوو وڵاتەکە هەبێت".

ئاشكراشیكرد، "لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژیدا، کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان کردووە. گرنگە ئەمه‌ریکا و عێراق پابەند بن بە كاری هاوبه‌ش، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە بپارێزین". له‌و باره‌شه‌وه‌ گوتی: "بەرژەوەندی ئەمه‌ریکا لەوەدایە، عێراق خاوەن سەروەری و بەهێز و سەقامگیر بێت، کە کار بۆ هەموو دانیشتووانی بکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "باشبوونی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەگەر پەیوەندییەکە سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەرخەری ئەوەیە عێراقییەکان دەیانەوێت لە پڕۆسەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانەدا جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن و پێشکەوتن و ئاسایش بۆ خەڵکی خۆیان بەردەست بکەن".

دووپاتیشی كرده‌وه‌، "پێشوازی لەو هەوڵانە دەکەین کە له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و بەغدا ده‌درێن، پێویسته‌ رێکەوتنیش لەسەر ئەو کێشانە بکرێت کە پێمان وایە هەستیارن، پێمان وایە بە نیازپاکیی، هەردوولا دەتوانن بگەنە رێکەوتن".

H.B