بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جووتیارانی عەنکاوە قەرەبوو دەکرێنەوە

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، جووتیارانی عەنکاوە قەرەبوو دەکرێنەوە لەگەڵ زەوییەکانی ئەبرەشیەی کلدانی و زەوییەکانی سەربازگەی ڕژێمی پێشوو.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، هاووڵاتییان بۆ زەوییەکانیان قەرەبوو دەکرێتەوە و کۆتایی بە دۆسیەی پارچە زەوی 390 و زەوییە کشتوکاڵییەکان دێت، لەگەڵ ئەوەشدا، زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی خەڵکی عەنکاوە دابین دەکرێت.

سەرۆک وەزیرانی کوردستان بڕیایشیداوە، پرۆژەی ماڵی حەدیابی نیشتەجێبوون بۆ گەنجانی عەنکاوە جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ پشتیوانیی کردنی دارایی پرۆژەی باخچەی  بابل لە شارۆچکەکە، بڕیاری ئەوەشیداوە، پشتیوانی کۆنفرانسی تایبەت بە گەشەپێدانی شارۆچکەی عەنکاوە بکات، سەرباری دەرکردنی ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێکخستنی دامەزراوە بازرگانی و گەشتیارییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە یاوەری ئەسیل مەقدەسی، بەرپرسی لێژنە ناوچەی عەنکاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شارەوانی عەنکاوە ئاری غەریب، زیاد سەلمان حوسێنی، بەرپرسی کۆمەڵەی مارعۆدای کشتوکاڵی، لەگەڵ نوێنەرانی زەوییەکانی ئەبرەشیەی هەولێر و ئەوانەی پەیوەستن بە وەرگرتنی زەوی کشتوکاڵی و زیندانیانی سیاسی، سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ساسان عەونی و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناویان کرد، بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی تایبەت بە شارۆچکەی عەنکاوە و خەڵکەکەی کە داویانە.

لەو سەردانەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکارەکانی جیىەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کرا کە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، وەک ڕاگەیەندراوە، ئەو بڕیارانە دوای هەوڵێکی سێ ساڵە بەدی هاتووە، بۆیە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە بڕیاری مێژوویی وەسف دەکرێت.

پرۆژەی نیشتەجێبوونی حەدیاب پێکهاتووە لە 720 شوقەی ئامادەکراو بە هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ گەنجانی عەنکاوە، لەگەڵ پرۆژەی باخچەی بابل بۆ خێزانەکانی عەنکاوە کە لەسەر ڕووبەری100 هەزار  مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.

تەواوی ئەو پرۆژانەش لە شارۆچکەی عەنکاوە، پرۆژەی گرنگ و پڕ بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن کە لەڕێگەوە هەوڵ دەدرێت شارۆچکەکە جوانتر و ئاوەدانتر بکرێتەوە.