سوید.. لە یەک مانگدا سەدان کۆمپانیا ئیفلاس بوون

جارێکی دیکە مەترسی داڕمان کەوتەوە سەر ئابووریی سوید، کە بەهۆیەوە سەدان کۆمپانیا ئیفلاس بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی بلومبێرگ نیوز، زانیارییەکانی کۆمپانیای کرێدیتسەفی سەیڤینگی سویدی بڵاو کردووەتەوە کە کار لەسەر ڕاپۆرتی قەرزەکان دەکات، باسی لەوە کردەوە، تەنیا لە مانگی ئایاردا ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی لە سوید ئیفلاسیان کردووە، گەیشتووەتە 906، کە بەراوورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 3% زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆی ژمارەی کۆمپانیا ئیفلاسبووەکان لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، گەیشتووەتە نزیکەی 4616، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی ئابووری کە هێشتا هیچ بووژانەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.

هێنریک جاکۆبسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێدیت سەیف، ڕایگەیاند "هیواکان بۆ بوژانەوەی ئابووریەکی ڕوون هێشتا ئەستەمە." گوتیشی: بەداخەوە هێشتا ئەو گەشە ئابوورییەی نەبینیوە کە بتوانێت ئابووریی سوید بەرەو پێشەوە ببات. ئەم خاوبوونەوەیە، بە تایبەتی کاریگەریی لەسەر کەرتەکانی بەکاربەران هەیە، وەکو چێشتخانە و دوکان و مینی مارکیتەکان.