حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی پرۆژەی ڕووناکیدا پاڵپشتی پسوولەی کرێی هاووڵاتییان دەکات

پرۆژەی ڕووناکی
پرۆژەی ڕووناکی

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم پاڵپشتییانە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان دەکات بۆ ڕاهاتنیان لەگەڵ کارەبای 24 کاتژمێری.

لە سێ مانگی یەکەمدا بۆ ڕاهاتن لە بەکارهێنانی کیلۆواتی کاتژمێر، هاووڵاتییان لەمانگی یەکەمدا سەدا 50 و مانگی دووەم سەدا 25، مانگی سێیەم سەدا 15 پاڵپشتی پسوولەکانیان دەکرێت.

فەرمانگی میدیا و زانیاریی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاووڵاتییانەی لە پرۆژەی ڕووناکیدا لەژێر نرخە ئەزموونییەکان پارەیەکی زیاتریان دابوو، ئەو بڕە پارە زیادەی دابوویان لە کرێی کارەباکەیان، لە پسوولەی داهاتوو بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.

وەک بەشێکی دیکە لە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی پرۆژەی ڕووناکی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا 200 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی هاووڵاتییان دەکات بۆ دانانی وزەی نوێ بووەوە.

پێشتر پرۆژەی ڕووناکی بڵاوی کردبوەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، وەزارەتی کارەبا، کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازی سەنتەری هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابین دەکات، بەشێوەیەک لەم هەنگاوەدا ژمارەی هاووڵاتیانی سوودمەند لە کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەش.

پرۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، پرۆژەی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بەو ناوچانەی کوردستان دوای ئەوە دێت، لە چەند مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک ناوچەی دیکەی هەولێر،سلێمانی و دهۆک سوومەندبوون لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکرابوو.

ئاشکراشی کردبوو، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و نزیکەی 1300 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون کە یەکسانە بە 225 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە، هاوکات تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 هەزار شوێنی بازرگانی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.

لەبارەی فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، لە ڕاگەیەنداوەکەدا هاتبوو، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراونبوون و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێدەگات و ناوچەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.