دەیان گرووپی گەشتیاریی هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانی

هاتنی گەشتیاران بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە، دەیان گرووپی گەشتیاری گەیشتوونەتە سلێمانی.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە دەیان گرووپی گەشتیاریی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ پشووەکانی جەژن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆریان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانین.
عەتا ئەنوەر جەختیشی کردەوە، ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کراوە، بێجگە لە گەشتیاری پارێزگاکانی عێراق لە وڵاتانی دیکەی وەکوو ئێران و تورکیاوە گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
هــاوکات ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەمەبەستی پێشوازیی گەشتیاران بۆ شوێنەگەشتیارییەکان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، ئامادەکاریی تەواو کراوە. پێشبینی دەکەین بۆ 10 ڕۆژی پشووەکانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستە، ئاستی کەرتی حکوومەتی و ئاستی کەرتی تایبەتن، لەسەر ئاستی حکوومەتی مەبەستمان ئەو هەماهەنگییانەیە لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارە حکوومییەکان هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت ئاسایشی بازگەکان کە ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران دەکەن، لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سلێمانی، ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی جەژنی قوربانی، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەیان کردبوو.