هاوپەیمانان بنکەی سەربازیی تاجیان چۆڵکرد
رادەستی هێزە عێراقییەکان کرایەوە
K24- هەولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانان، بنکەی سەربازیی تاجیان چۆڵکردوو و رادەستی هێزە عێراقییەکانیان کردەوە.
ئەو بنکەیە بە 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەغدا و لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، چەند جارێک بە مووشەک کراوەتە ئامانج. 47 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە سەربازگەی تاجی راهێنانیان لەبارەی تاکتیکەکانی پێکان، پپلانداڕشتن بۆ ئۆپەراسیۆن و پزیشکیی سەربازی و شیکردنەوەی زانیاریی سیخوڕی کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هێزەکانی هاوپەیمانان، کشانەوە لەو بنکەیە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەن و بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی کەم لە هێزەکان لەو بنکەیە ماونەتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوو، ئەوانیش بنکەکە چۆڵ دەکەن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "چەندین چاکسازی لە بنکە سەربازییەکەی عێراق کراون کە کردوویانەتە شوێنی سەرەکیی راهێنانی هێزەکانی دژی داعش. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەهای 347 ملیۆن دۆلار کەرەستە و پێویستییان لە سەربازگەی تاجی پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە، ئەمەش گەرانبەهاترین رادەستکردنە بە دۆلار لە هەر بنکەیەکدا، کە خۆی لە چاکسازی لە بنکەکە، ئامادەسازی کەرەستەکان، نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی فڕۆکە دەبینێتەوە".
چەند رۆژێک پێش ئەم جووڵەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنێتەوە.
ئەمساڵیش، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دا، ئەمەش دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە کرانە ئامانج و لە بەغدا کوژران.