وەزارەتی شارەوانی لەبارەی وەرگرتنی زەوی، سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند: تا 20ـی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەی بەڵگەنامە و فۆڕمی فەرمانبەرەکانیان بهێنن بۆ وەزارەتمان، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێکی پێدانی زەوی وەرناگیرێت.
چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕاگەیەنەراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، كارەكانی لێژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتایی دایە و تاوەكوو ئێستاش 420 هەزار فۆڕم ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە.
دەشڵێت: تا 20ـی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێك بۆ پێدانی زەوی وەرناگیرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی شارەوانی نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی ئاراستەی سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت كرد و تێیدا ئاگاداریانی کردەوە، کە ڕێکەوی 20ـی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان.
لە بەشێكی تری نووسراوەكەی وەزارەتەکەدا هاتبوو، دوای بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، بە ژمارەی (242 لە 27-3-2024) تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن لێژنەیەكی وردبینییەوە كاری وەرگرتن و وردبینیكردنی فۆڕمەكانی دەست پێ كرد و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە (420،000) چوارسەد و بیست هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناوەكانیان وەردبینیان بۆ كراوە و ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی تەواو بووە و ئاراستەی شارەوانییە پەیوەندیدارەكان كراوە و ئێستاش لێژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە.