ئیلۆن مەسک: مایەپووچ بوونی ئەمەریکا قەبوڵ ناکرێت

ئیلۆن ماسک
ئیلۆن ماسک

سەرمایەداری ناوداری جیهان ئیلۆن مەسک داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا کرد، فشار لە دادگا و دادوەران بکەن، پرۆژە یاسای دۆناڵد ترەمپ بۆ خەرجی و باج ڕەت بکەنەوە کە بووەتە جێی مشتومڕی فراوانی هاووڵاتییان.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پرۆژە یاسای باجی کۆمارییەکانی پەسەند کرد کە لەلایەن ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو، پرۆژە یاساکەش بریتییە لە کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکان کە بە ترلیۆنان دۆلارە، بەمەش پرۆژە یاساکە نیگەرانی سەبارەت بە زیادبوونی کورتهێنانی بودجە و قەرزی فیدراڵی دروستکردووە ، ئەگەریشی هەیە کاریگەری لەسەر بودجەی خێزانەکانی ئەمەریکا دروست بکات.

لەبارەی پرۆژە یاساکەی دۆناڵد ترەمپ، ئیلۆن مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت:" پەیوەندی بە ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران کردووە و پێی گوتوون، مایەپوچ کردنی ئەمەریکا جێی قەبوڵ کردن نییە و پێویستە ئەو پرۆژە یاساییە بووەستێنن کە ترەمپ پێشنیازی بۆ کردووە.

ئیلۆن مەسک زۆر بە توندی ڕەخنەی لەو پرۆژە یاساییە گرت کە دۆناڵد ترەمپ بە پرۆژە یاسایەکی زۆر گەورە و جوان ناوی بردووە، ئەو ڕەخنانەی مەسک بەهۆی ئەوەبوو، ئاستی قەرز بەرزبووەتەوە بێ ئەوەی خەرجی کەم بکرێتەوە، مەسک هۆشداریی دەدات لەوەی، ئەو ڕێکارانەی دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتییە بەر، کورتهێنان زیاد دەکات و قەرزی نیشتمانیش خێرا بەرز دەکاتەوە.

ئیلۆن مەسک پیشتر لەبارەی پرۆژە یاساکەی ترەمپ ڕایگەیاندبوو:"پرۆژە یاسایەکی ئابڕووبەری قێزەوەنە"، هۆشداریی دایە دادگا و دادوەرانیش کە ڕووبەڕووی توڕەیی خەڵک و هاووڵاتییان دەبنەوە لە هەڵبژاردنی 2026، ئەگەر پشتیوانی لەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ بکەن.

سەرەتای مانگی حوزەیران، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی دەستی لە پۆستی 'کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت' لە ئیدارەی ترەمپ کشاندەوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان بوو.