ئەڵمانیا پەنابەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیپۆرت دەکاتەوە

دوو ساڵ پێش ئێستا حکوومەتی عێراق و ئەڵمانیا ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حکوومەتی سودانی ڕازی بوو بە وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی کە مافی پەنابەریان لە ئەڵمانیا ڕەتکراوەتەوە. 

لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو مانگێک ژمارەیەک پەنابەری عێراقی و هەرێمی کوردستان دیپۆرت دەکرێنەوە، ساڵی ڕابردوو 700 کەس دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە، ئەوەش دۆخی پەنابەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا سەختتر کردووە. 

دوو گەنجی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و نزیکەی چوار ساڵە وەک پەنابەر لە ئەڵمانیا دەژین، مەترسیەکانی ڕێگای هاتنیان بە قاچاخ لە لایەک، هەروەها بیریان لە سەختیەکانی ژیانی ئێرە و مەترسی دیپۆرتکردنەوە نەکردبووەوە کە ئێستا خۆیان ڕۆژانە لەگەڵیدا دەژین. 

پەنابەرێک لە ئەڵمانیا کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان24ـی گوت: هەندێک خەڵک هەیە لە ترسان خۆیان ڕۆیشتوون، ئەم دۆخەش لە 2023ەوە ئاوایە، ئیدی نازانین دوای ئەوە دۆخەکە دەگۆڕێت یاخود نا. 

فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا، فشارێکی زۆری خستۆتە سەر پەنابەرانی عێراقی، بەوەش بەشێکی زۆری پەنابەران هیوایان بە مانەوە لە ئەڵمانیا نەماوە. 

پەنابەرێکی دیکەی کوردس لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئێستا دۆخی پەنابەران لە ئەڵمانیا زۆر خراپە، کە هەرکەسێک کێشەی هەبێت یان نا دیپۆرت دەکرێتەوە، دەشڵێت: چەند هاوڕێی خۆم هەیە پێیان گوتوون هیچ هیوایەکتان لە ئەڵمانیا نەماوە.

چالاکوانان و شارەزایانی کاروباری پەنابەران ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەڵمانیا یاساکانی پەنابەری توند کردووە، بە چەشنێک مانەوە بۆ پەنابەرانی عێراقی سەخت بووە. 

ڤانیسا ڕەشید، ئەندامی شارەوانی شاری میونشن گوتی: ئەڵمانیا کاتێک دەڵێت ئەبێت توندوتیژتر بین، جیاوازی لە نێوان کەیسەکاندا ناکات کە ئەو پەنابەرە لە چ وڵاتێکەوە هاتووە، بەتایبەت کورد، ئەوان دەزانن کوردستان ئازادە و شەڕی تێدا نییە. بۆیە ئەگەر پەنابەر کەیسێکی تایبەتی نەبێت بۆداواکردنی مافی پەنابەری، ئەوە دیپۆرتی دەکەنەوە.

 فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا ڕایدەگەیێنێت 26 هەزار پەنابەری خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا دەژین کە مافی پەنابەریان ڕەتکراوەتەوە، ئەو حکوومەتە پلانی هەیە کە زۆرترین کەس لەو پەنابەرانە دیپۆرتبکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە بە دانانی کۆنترۆڵی پۆلیس لە سنوورەکان دەرگای بە ڕووی هاتنە ناوەوەی پەنابەری نوێ داخستووە. 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment