لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی جەهەپە دەکرێت
لێکۆڵینەوەی یاسایی لە دژی سەرۆکی جەهەپە دەستی پێ کرد. وەزیری دادی تورکیاش دەڵێت: هەڕەشەکانی ئۆزگور ئۆزەل جێگەی قبووڵ نین.
بە تۆمەتی "هەڕەشە لە دەسەڵاتی دادوەری " و "سووکایەتیکردن بە سەرۆکی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ"، سەرۆکی هەردوو داواکاری گشتیی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ لێکۆڵینەوەیان لە دژی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەست پێ کرد.
دوێنێ چوارشەممە، 04-06-2025، ئۆزگور ئۆزەل لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی جەهەپەدا لە ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا، بە توندی هێرشی کردە سەر ئاکن گورللێک، سەرۆکی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ.
لێدوانەکانی سەرۆکی جەهەپە کارادانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند، گوتەکانی ئۆزگور ئۆزەل مەترسیی و هێرشێکی ئاشکرایە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری. گوتیشی: بەهیچ شێوەیەک ئەم قسانەی ئۆزەل مایەی قبووڵ نییە.
هاوکات عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، ڕایگەیاندووە، گوتەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە چوارچێوەی سیاسەتی رێگاپێدراو دەرچووە.