ناتانیاهۆ سوپاسی ترەمپ دەکات بۆ سزادانی دادوەرەکانی دادگای نێودەوڵەتی

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد، بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر دادوەرە ژنەکان لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

ناتانیاهۆ لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی: سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە سزایان بەسەر دادوەرە سیاسییەکاندا سەپاندووە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئێوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەرگرییتان لە مافەکانی ئیسرائیل کرد.

ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە سزای بەسەر چوار دادوەردا سەپاند لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بابەتگەلێکی پەیوەندیدار بە واشنتن و ئیسرائیل، لەوانە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ لەسەر شەڕی غەززە.

دادوەرەکان کە چوار ژنن، هاتنە ناو ئەمەریکایان لێ قەدەغە دەکرێت و هەر سەروەت و سامانێکیان لەو وڵاتەدا هەبێت، بلۆک دەکرێت.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمەریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری وڵات، سەروەری ئیسرائیل و هەر هاوپەیمانێکی دیکەی ئەمەریکا، لە کردەوە نایاساییەکانی دادگای نێودەوڵەتی.

گوتیشی: داوا لەو دەوڵەتانە دەکەم کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە زۆرێکیان قوربانییەکی گەورەیان داوە، دژی ئەم هێرشە شەرمەزارییە بۆ سەر وڵاتەکەمان و بۆ سەر ئیسرائیل بوەستنەوە.

لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمەریکادا، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە بنکەکەی لە لاهایە، سزاکانی بە "هەوڵێکی ڕوون" بۆ تێکدانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری زانی.

دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەم ڕێوشوێنانە هەوڵێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ تێکدانی سەربەخۆیی دامەزراوەیەکی دادوەری نێودەوڵەتی لەژێر هەڵبژاردەی 125 دەوڵەتی ئەندامدا لە سەرانسەری جیهانەوە کاردەکات".

دوو لە دادوەرەکان بە ناوەکانی بێتی هۆلەر لە سلۆڤینیا و ڕین ئەلاپینی گانسۆ لە بێنین، بوونە هۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە مانگی نۆڤەمبەردا بۆ نەتانیاهۆ.

دادگاکە بەو ئەنجامە گەیشتوە هۆکاری باوەڕپێکراو هەیە، ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل بەرپرسیار بکرێت، لەو کارانەی تاوانی جەنگی برسێتی لە کەرتی غەززە کردووە، ئەوەش دوای هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، دوو دادوەرەکەی دیکە، دادوەری پیرۆ، لوز دێل کارمێن ئیبانێز کارانزا و دادوەری ئۆگاندا سۆلۆمی بالونگی پۆسا، بوونە هۆی دەرکردنی ئەرکی کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەک بۆ ئەو تۆمەتانەی  هێزەکانی ئەمەریکا تاوانی جەنگیان لە کاتی شەڕی ئەفغانستاندا ئەنجامداوە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment