ئەو گەنجەی 51 موسڵمانی لە نیوزیلاند کوشت، پەشیمان نییە
نیازی هەبووە هێرش بکاتە سەر سێ مزگەوت
.jpg)
K24 - هەولێر
ئەو گەنجەی ساڵی رابردوو هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت و 51 موسڵمانی لە نیوزیلاند کوشت، کاتێک ئەمڕۆ رووبەڕووی قوربانییانی هێرشەکەی بووەوە لە دادگا، هیچ نیشانەیەکی پەشیمانیی پێوە دیار نەبوو.
لە دادگا، داواکاری گشتی وردەکاریی زۆری باسکرد و دەریخست برینتۆن تارانت، بەجۆرێک پیلانەکەی داڕشتووە، ویستوویەتی ژمارەیەکی زیاتریش خەڵک (موسڵمانان) بکوژێت.
ئەو پیاوە ئوسترالیە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-8-2020) لەکاتێکدا رووبەڕوو بووەوە لەگەڵ خێزانی قوربانییان و ئەوانەی لەئەنجامی تەقەی ئەو بریندار بوون. قوربانییەکان باسیان لەوە کرد هێشتا دەنگی تەقەکانی لەگوێیاندا دەزرنگێتەوە.
دادگاکە لەدوای گرتنەبەری رێوشوێنێکی ئەمنیی تووند بەڕێوەچوو، ژمارەیەک نیشانەشکێن لەسەر سەقفی باڵەخانەکانی نزیک دادگاکە جێگیرکرابوون.
لە دادگاکەشدا وردەکاریی رووداوەکە باسکرا، کە چۆن براندۆن ساڵی رابردوو لە مانگی ئازاردا بە بڕێکی زۆر چەکەوە هێرشی کردە سەر پیاو، ژن و منداڵانی موسڵمان، لە مزگەوتێکەوە بۆ مزگەوتێکی دیکە چوو بەبێ گوێدانە هاتوهاواریان، کاتێک خەڵتانی خوێنی کردن.
بەرنەبای هاوێس، داواکاری گشتی گوتی برینتۆن تەقەی لە منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ بەناوی موکاد ئیبراهیم کردووە، کاتێک بە قاچی باوکی خۆی گرتووە، بەڵام ئەو بە دوو گوللـە کوشتی.
تارانت دانی ناوە بە کوشتنی 51 یەک کەس، 40 هەوڵی کوشتن و هەوڵێکی تیرۆرستی دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت لە کریستچێرچ، هێرشەکەشی تەنیا کاتێک تەواو بوو، کە لەرێگابوو بەرەو سێیەمین مزگەوت، بەڵام پۆلیس پێشیان لێ گرت و دەستگیریان کرد.
پارێزەرانی نیوزیلاندی پێشبینی دەکەن تارانتی تەمەن 29 ساڵ ببێتە یەکەم کەس لەو وڵاتە، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت و بۆی نەبێت داوای ئازادکردن و بەخشین بکات.
داواکاری گشتی باسی لە ئامانجی تارانت کرد، گوتی ویستوویەتی لەرێگەی ئەو هێرشانەوە ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە بەپێی بیروڕای ئەو "داگیرکەر" بوون، کە مەبەستیشی موسڵمانان بەگشتی و کەسانی نائەوروپی بووە.
سەرچاوە: AFP