زێلێنسکی: هەر وڵاتێک هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ڕانەگرێت، هاوبەش و بەرپرسیارە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئیدانەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری خێرسۆنی کەنار دەریاکان کرد. 

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، لە وتارێکدا زێلێنسکی ڕایگەیاند "هێرشەکانی ڕووسیا باڵەخانەی ئیدارەی ناوچەکەیان وێران کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمجار نییە هێرش بکەنە سەر ئەم باڵەخانەیە، بەڵام هێرشەکانی ئەمجارە زۆر ڕوون بوو."

ئەو مۆسکۆی بە "دڵەڕاوکێی جەنگ، بە ڕق و کینە و ئارەزووی لەناوبردنی ژیانی گەلانی دیکە ناوبرد، گوتیشی: تۆ تەنیا بە هێز دەتوانی شکست بەو جۆرە کەسانە بێنیت- هێزی دیپلۆماسی، سزا، چەک و تەکنەلۆژیا."

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، سێ بۆمبی گلاید لە دوو هێرشدا باڵەخانەکەیان داوە و چوارەمیش بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی چەند نهۆمی کەوتووە. سەرەڕای زیانە بەرفراوانەکان، تەنیا کەسێک بریندار بووە.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوچەی خارکیڤ، سومی، دۆنێتسک و نیکۆپۆل، هەروەها لە ناوچەی ژاپۆریژیا هێرش هەبووە. لە کۆتاییدا گوتی: بەداخەوە ڕۆژانە جیهان ڕێگە بە ڕووسەکان دەدات، ئەم هێرشانە دووبارە بکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد وەڵامی "یەکلاکەرەوە" بدەنەوە بەرامبەر بە هێرشەکانی شەوانەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کە بە وتەی خۆی بە زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 40 مووشەک کراون.

لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "دەبێت ڕووسیا لێپرسینەوە لەگەڵدا بکرێت، دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکەین، ئەگەر هەر کەسێک فشار نەکات و شەڕەکە ڕانەگرێت، ئەوا هاوبەش و بەرپرسیارە، ئەمەریکا و ئەورووپا و جیهان ئێستا دەتوانن بە فشارخستنە سەر ڕووسیا ئەم شەڕە ڕابگرن."

لای خۆیەوە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کیێڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە، لە کۆی 452 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ڕووسی، 406 فڕۆکەیان خستۆتە خوارەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشێکی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا فڕۆکەخانەکانی ڕووسیایان لە ناوچەی ساراتۆڤ و ڕیازان بۆمباران کردووە، هەروەها تانکی سووتەمەنیشیان لەناو بردووە.