پێشبینی هاتنی 300 هەزار گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، پێشبینی کردووە بۆ پشووی جەژنی قوربان 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەو ڕێژەیەش زۆرترینیان گەشتیارانی هەولێری پایتەختن.

لە یەکەمی ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، بازگەی شێراوە لە هاتنی گەشتیار جمەی دێت، تەنیا لە ماوەی 5 کاتژمێردا 300 پاسی پڕ لە گەشتیار هاتنە نێو پارێزگای هەولێر، هاوکات تەواوی کارمەندانی بازگەکە بۆ پێشوازیی لە گەشتیار و کارئاسانیکردن بۆیان لە ئەرک دان.

بەشێک لە گەشتیاران، کە خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بە کوردستان24ـیان گوت: هەرکاتێک پشوو بێت دێنە هەولێر، چونک وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن، شارەکە جوانە و لەوێدا بە باشترین شێواز پێشوازیی لە میوانان دەکرێت.

لای خۆیەوە، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، بۆ ئەم جەژنە پێشبینی دەکەین نزیکەی 300 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم بکەن.

بە هۆی پشووی هاوین و داخستنی دەرگەی قوتابخانەکان و، نزمی پلەکانی گەرمای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە زیادبوون دايە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment