ناتانیاهو کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە ڕاگەیاند

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کوژرانی چوار سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و بەرگری شارستانیی ‌غەززەش دەڵێت: لەدوای کوژرانی چوار سەربازەکەی سووپای ئیسرائیل هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتکراوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی 6ی حوزەیرانی 2025، پرسەنامەی ئاراستە خانەوادەی هەر چوار سەربازە کوژراوەکەی کرد و ئاماژەیداوە، هەر چوار سەربازەکە لە شەڕی غەززە بۆ لەناوبردنی حەماس و ڕزگارکردنی بارمتەکان کوژراون، کە دووانیان پلەدارن و یەکێکیان ناوی یوئاڤ ڕاڤێر و ئەوی دیکەشیان ناوی چێن گرووسە.

ناتانیاهو لە پرسەنامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم چوار سەربازە لە پێناو پاراستنی گیان و سەلامەتی هەموویان گیانی خۆیان بەخت کرد.

بە کوژرانی ئەم چوار سەربازە، کۆی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئیسرائیل لە شەڕی کەرتی غەززە بۆ 429 سەربازی کوژراو بەرزبووتەوە.

هەر لە بارەی کوژرانی ئەو سەربازانە، میدیاکانی ئیسرائیل، بڵاویان کردووتەوە، هەر چوار سەربازەکە لە ناو خانووێکی بۆمبڕێژکراودا لە خان یونس بوون و خانووەکە تەقیوەتەوە و کوژراون.

هاوکات، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، ئەفسەرێکی دیکە لە هەمان شوێن بە سەختی برینداربووە.

لەلای خۆیەوە، بەرگری شارستانیی غەززە ئەمڕۆ هەینی ئاماژەیداوە، دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەو چوار سەربازە، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە غەززە چڕتر کردەوە و بەهۆیەوە لە سەرتاسەری کەرتەکە 38 کەس کوژران، 11 کەسیان بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان لەناوچەی جەبالیای باکووری کەرتی غەززە گیانیان سپاردووە.

 
Fly Erbil Advertisment