نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا چالاکن
ئێستا چەکدارانی داعش بەشێوەی گرووپ کردەوەکانیان ئەنجام دەدەن
K24 - ھەولێر
بەرپرسی بەشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرای دەكات، نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە سووریا و عێراق چالاکن.
ڤلادیمێر فۆرونکۆڤ، بەرپرسی بەشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر سەرکەوتن بەسەر داعشدا، کەچی هێشتا چەکدارانی رێکخراوەکە لە عێراق و سووریا چالاکن و لە ماوەی رابردوو ژمارەی هێرشەکانیان زیادیکردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "ئێستا چەکدارانی داعش بەشێوەی گرووپ کردەوەکانیان ئەنجام دەدەن، جگە لە عێراق و سووریا، لە لیبیا و چەند ناوچەیەکی دیکە چالاک بوونەتەوە".