هەولێر.. 10 کەس کە لەسەر شەقام ئاژەڵیان سەردەبڕی، دەستگیر کران

ژمارەیەک هاووڵاتیی بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسای و دوور لە ڕێنماییەکان ئاژەڵیان سەردەبڕی، دەستگیر کران.
شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پێش جەژنی قوربان ئاماژەمان بەوە کرد، هەر هاووڵاتییەک بەشێوەی نایاسایی قوربانی بکات سزا دەدرێت، چونکە کوشتارگە هەیە و نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەنێو ئاژەڵاندا بڵاو بووەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: دوێنێ شەش کەس و ئەمڕۆ چوار کەس دەستگیر کراون لەبەر ئەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەکانمان ئاژەڵی قوربانییان سەربڕیوە.
لەلای خۆیەوە، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوو ڕۆژە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە کەسانێک کە لەسەر شەقام و لە ژینگەیەکی پیسدا ئاژەڵ سەردەبڕن و پێست و پاشماوەکان لەسەر شەقام فڕێ دەدەن.
هۆگر عەلی، ئاماژەی بەوە کرد، بەشێوەیەکی چڕ سەردانی هەموو ئەو شوێنانەی گومان دەکرێت بەنایاسایی قوربانییان لێ دەکرێت، دەکەین و دەم و دەست ڕێککاری یاسایی بەرانبەر بە سەرپێچیکەران دەگرینە بەر، تا ئێستا 10 کەسمان دەستگیر کردووە و دەستیش بەسەر ژمارەیەک لە ئاژەڵەکاندا گیراوە.
قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرکەسێک دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان قوربانی بکات و ببێتە هۆی پیسکردن و تێکدانی جوانیی شار، ڕێککاری بەرانبەر دەگرێتەبەر و دەدرێتە دادگا.