کەمبارانی کاریگەری لەسەر ناوچە گەشتیارییەکانی ڕاپەڕین هەبووە
زۆرینەی سەیرانگا و پرۆژە گەشتیارییەکانی ڕاپەڕین، لەو ناوچانەن کە لە سەرچاوە ئاوییەکانەوە نزیکن. ئەمساڵ ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان کەمی کردووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبووە.
بەهۆی کەمیی باران، ئاستی ئاوی زێی بچووک لە دەربەندی ڕانیە، بەروارد بە ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبووە.
شاخوان مارکۆس، خاوەن پرۆژەیەکی گەشتیارییە و مۆڵەتی لە دەستەی گەشتوگوزار وەرگرتووە. پرۆژەکە کە دەرفەتی کاری بۆ چەندان کەس ڕەخساندووە، بەسەر زێیی بچووک و دەربەندی ڕانیەدا دەڕوانێت.
شاخوان مارکۆس، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند "ساڵی ڕابردوو هێندە گەشتیار دەهاتنە لێرە، شوێن بەرنەدەکەوت، بەڵام ئەمساڵ لەبەر دابەزینی ئاستی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان، گەشتیار زۆر بە کەمی دێن."
ئیدارەی ڕاپەڕین، ناوچەیەکی شاخاوی و دەوڵەمەندە بەسەرچاوی ئاوی، زۆرینەی سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەکان لە نزیک سەرچاوە ئاوییەکانن. دابەزینی ئاستی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان، لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەڤەرەکە هەبووە.
ئارام پیرۆت، بەرێوەبەڕی گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەکەمان هەن کە زۆرینەیان هاوینەهەوارن، هەر بۆیە وشکەساڵی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبووە."
بە گوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین، مانگی ڕابردوو، زیاتر لە حەوت هەزار گەشتیار لە دەروازەی سنوریی کێلێوە هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی ڕاپەرین و هەرێمی کوردستان.