حووسییەکان داوای هاوکاری و پاڵپشتی لە ئێران دەکەن

هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن ژێرخانی ئابووری و سەربازیی حووسییەکانی لەناو برد، ئێستا حووسییەکان زیاتر لە جاران پێویستیان بە پشتیوانیی هاوپەیمانە ئێرانییەکەیان هەیە.
حووسییەکان بە ڕاشکاوی داوایەکیان ئاراستەی عەلی محەممەد ڕەمەزانی، باڵوێزی ئێران لە سەنعا کردووە، بۆ زیادکردنی بە پەلەی پشتیوانیی دارایی و سەربازیی. ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی کورتهێنانێکی کارەساتبار لە بودجەی کارکردنی گرووپەکەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچەی چەکداران و خەرجییەکانی بەرەی ناوخۆیی.
ئێستا گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئایا ئێران لە نێو قەیرانی ئابووری و فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیدا، دەتوانێت وەڵامی ئەم بانگەوازە بداتەوە؟ ئەگەر تاران بانگەوازی هاوپەیمانەکانی لە سەنعا پشتگوێ بخات، چی ڕوو دەدات؟
داواکاریی ئەم دواییەی حووسییەکان بۆ زیادکردنی پشتیوانی دارایی و سەربازی بۆ ئاستێکی نوێ، تارانی خستۆتە نێو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزەوە. ئێران لە لایەک حووسییەکان بە یەکێک لە دیارترین بریکارە دەرەکییەکانی خۆی دەزانێت، لە لایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی گوشارە ئابوورییەکان و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل، یان ئەمەریکا دەبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی یەمەن، بوودجەی حووسییەکان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە نیوە کەم بووەتەوە، بەتایبەتی مووچەی سەربازی و خەرجییەکانی بەرەی ناوخۆ.
ئەم داڕمانە داراییە، بەهۆی چەند هۆیەکی جیاوازەوەیە، دیارترینیان سزاکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە داراییەکانی حووسییەکان و دەستنیشانکردنی ئەو گرووپە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. جگە لەوەش، ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشی ئاسمانی چڕی لە دژی دامەزراوە ئابوورییە گرنگەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە کرد، وەک بەندەری حودەیدە، کۆگاکانی نەوت و کارگەکانی چیمەنتۆ لە باجل و عەمران، هەروەها فڕۆکەخانەی سەنعا و وێستگەکانی کارەبا.
فەواز مونسر، سەرنووسەری کاروباری یەمەن لە ماڵپەڕی سکای نیوز، ئەم ماوەیەی بە "ئابووری دامرکێنەر" بۆ گرووپی حووسییەکان وەسف کرد و ڕوونی کردەوە، کەمبوونەوەی بەرچاو لە سەرچاوەکانی داهات کە گرووپەکە پشتی پێ بەستووە، بەتایبەت بازاڕی ڕەش و چالاکیی بەندەرەکان و باجەکانی سەپێنراو بەسەر بازرگاناندا ڕووی داوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان سنووردار نەبوون بەڵکو دامەزراوە ئابوورییە گرنگەکانیشیان بۆمباران کرد، ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی سەرچاوە داراییەکانی حووسییەکان. قەیرانی حووسییەکان تەنیا بە ئامانجگرتنی دەرەکی سنووردار نییە؛ هەروەها بەهۆی هەڵاتنی خاوەنی دامەزراوە دارایی و بازرگانییەکان لە سەنعاوە بۆ عەدەن، لەژێر فشاری سزاکان و ترسی دەستنیشانکردنی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، خراپتر دەبێت."
مونسر، جەخت لەوە دەکاتەوە، ژمارەیەک لە بانکەکان بارەگاکانیان گواستووەتەوە بۆ عەدەن، لەنێویاندا کۆمەڵەی بانکەکانی یەمەن، ئەمەش توانای دارایی گرووپەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ناوخۆیی لاواز کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گرووپە پەنای بۆ سەپاندنی دوو باج بردووە بۆ سەر ئەو کاڵایانەی کە دەگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی. گومرگ لە بەندەری عەدەن دەدرێت، گومرگەکانی دیکەش کاتێک هەمان کاڵا دەچنە ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە دەسەپێندرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی بەرفراوان لەنێو بازرگانان و دابەزینی ئابووریی توند.
مونسر پێی وایە، ئێران دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی لە یەمەن نابێت، ئەو گرووپە بۆ تارانی سەلماندووە ئەوەندە خۆڕاگر و دڵسۆز و بێباکە کە ئەجێندای سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات. بۆیە ڕەنگە بەشێک لەو پارەیەی کە پێشتر دەدرایە حزبوڵلای یەمەن، بدرێتە حووسییەکان." دەشڵێت: "حووسییەکان ئێستا باڵی بەرگریکردنی ئێرانن لە دەرەوەی سنوورەکانی، تاران هەرکاتێک هەستی بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ کرد، کارتی سەوز بۆ حووسییەکان بەرز دەکاتەوە."