تره‌مپ ژماره‌یه‌كی زۆری سزاكانی سه‌ر سووریا هه‌ڵده‌گرێت

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئامادەکاری بۆ دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن و هەڵوەشاندنەوەی ژماره‌یه‌كی زۆری سزاكانی سه‌ر سووریا دەکات.

 دووشه‌ممه‌، 9ـی حوزه‌یرانی 2025، ماڵپه‌ڕی " ئەلمۆنیتۆر" بڵاوی كرده‌وه‌، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن و هەڵوەشاندنەوەی ژماره‌یه‌كی زۆری سزاكان کە بەسەر سووریادا سەپێنراون.

ئەلمۆنیتۆر لە زاری بەرپرسانی ئەمه‌ریکاوە ڕایگەیاندووە، بڕیارە پێشبینیکراوەکەی ترەمپ هاوتەریبە لەگەڵ بەڵێنەکەی بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سه‌ر سووریا.

ئەلمۆنیتۆر ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ترەمپ ئەو ڕێوشوێنە واژۆ بکات، کە بەرپرسێک بە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی چوارچێوەی سزاکانی سەر سووریا"، ناوی بردووه‌.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ترەمپ لە 23ـی ئایاردا یەکەم هه‌نگاوی سووككردنی سزاکانی سه‌ر سووریای ڕاگەیاند و بریتی بوو لە دەرکردنی مۆڵەتی گشتی کە ڕێگە بە ئەمه‌ریکییەکان دەدات مامەڵەی دارایی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی سوریا بکەن، له‌وانه‌ش: بانکی ناوەندی، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەت و هێڵی ئاسمانی نیشتمانیی سووریا.

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، جێنشنینی سعوودییە، بڕیاری داوە هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.

 
Fly Erbil Advertisment