بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی دامەزراوەی 'Visit Kurdistan' ڕادەگەیەنرێت

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان, دامەزراوەی 'Visit Kurdistan' ڕادەگەیەنرێت. گوتەبێژی دامەزراوەکە دەڵێت: هەوڵ دەدەین تا 10 ساڵی دیکە 20 ملیۆن گەشتیار بهێنینە کوردستان. 

سێشەممە، 10-06-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی Visit Kurdistan (سەردانی کوردستان بکە) کە تایبەتە بە کەرتی گەشتوگوزار، بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنرێت. 

هەڵمەت کێستەیی، گوتەبێژی دامەزراوەکە, بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "Visit Kurdistan، دامەزراوەیەکی ناحکوومەتییە و ماوەی زیاتر لە ساڵیکە دامەزراوە، لە چوارچێوەی کەرتی گەشتوگوزار کار دەکات و مەبەست لێی نیشاندانی شوێنە سرووشتییەکانی کوردستانە بە جیهان."

وەکوو ئەوەی گوتەبێژی دامەزراوەی 'ڤێزت کوردستان' باسی کرد "ئامانجی دامەزراوەکە بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوزاری و ڕاکێشانی گەشتیاری نێودەوڵەتییە بۆ ناوچەکانی کوردستان." گوتیشی: هەوڵ دەدەین تا ساڵی 2035 زیاتر لە 20 ملیۆن گەشتیار بهێنینە هەرێمی کوردستان. هەروەها دامەزراوەکە هەلیکار بۆ زیاتر لە 500 کەس دەڕەخسێنێت.

کێستەیی ئاماژەی بەوەش دا "دامەزراوەی 'Visit Kurdistan' کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پێویست بۆ کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکات خزمەتگوزارییەکانی وەکو دابینکردنی هۆتێل، شوێنەکانی مانەوە و کڕینی بلیت لەسەر ماڵپەڕێك پێشکەش بە گەشتیارانی بیانی دەکات."

گوتەبێژی دامەزراوەی 'Visit Kurdistan' گوتیشی: دامەزراوەکەمان لەسەر چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری کار دەکات، دیارترینیان پرۆژەی تەلەفریکی 10 کیلۆمەتری سۆرانە کە ساڵی 2027 تەواو دەبێت، پرۆژەکە لە 10 وێستگە پێک دێت و هۆتێل و کافی، شوێنی دیکەی تایبەت لە خۆدەگرێت.