لە پێنج ڕۆژدا 32 هەزار کەس لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە

دەروازی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران
دەروازی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران

لە ڕۆژی عەرەفەوە تا ئێستا زیاتر لە 32 هەزار کەس لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە. بەرپرسێکی دەروازەکەش دەڵێت: ژمارەکە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو، زیاترە. 

سێشەممە، 10-06-2025، سالار تەحسین، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ڕۆژی عەرەفە و هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، 21 هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازی حاجی ئۆمەرانەوە چوونەتە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو لاوە، 11 هەزار کەسیش هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان؛ واتا بە گشتی لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە 32 هەزار کەس لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە هاتوچۆیان کردووە."

لەبارەی ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ، سالار تەحسین گوتی: "لە 01-01-2025، تا ئەمڕۆ سێشەممە، 10-06-2025، زیاتر لە 310 هەزار کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی دەروازی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 316 هەزار کەسیش لێرەوە چوونەتە ئەو وڵاتە کە کۆی گشتی بە چوون و هاتن، دەکاتە زیاتر لە 626 هەزار گەشتیار."

بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران باسی لەوەش کرد "ساڵی ڕابردوو زیاتر لە یەک ملیۆن و 265 هەزار گەشتیار لە دەروازی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە. ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەکەوە هاتوچۆ دەکەن، ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت؛ ئەمەش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە، لەوانەش، نەمانی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران، ئاسانکاریی بۆ گەشتیاران لە ڕووی پشکنینی پاسپۆڕت و بەڵگەنامەکان و زیادبوونی گرووپی گەشتیاری." گوتیشی: لە ماوەی 10 خولەکدا، هەموو مامەڵەی گەشتیاران تەواو دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.