نەمسا.. لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەک کەس کوژران

لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکدا لە باشووری نەمسا، ژمارەیەک کەس بوونە قوربانی کە لە نێوانیاندا قوتابی و مامۆستا هەیە.

سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە قوتابخانەیەکی شاری گراز، ژمارەیەک کەس بوونەتە قوربانی کە تاوەکوو ئێستا ژمارەیان نەزانراوە.

هاوکات پۆلیسی گراز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: دوای بیستینی دەنگی تەقە، هێزێکی تایبەت نێردرایە قوتابخانەی سەرەتایی  BORG Dreierschützengass، ئێستا قوتابخانەکە چۆڵ کراوە و قوتابییەکانیان بردووتە شوێنێکی سەلامەت.

 تاوەکوو ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی تۆمەتبارەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ڕایگەیاند لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئاپای ڕاگەیاندووە، بەهۆی ڕووداوەکە حەوت قوتابی و گەنجێک کوژراون، هاوکات ژمارەیکی زۆریش ڕەوانە نەخۆشخانەکان کران و  گومانیش دەکرێت تەقەکەرەکە لەنێو کوژراوەکان دا بێت.

هاوکات گوتەبێژی پۆلیس بە میدیاکانی نەمسایی ڕاگەیاندووە کە تەقەکەرەکە خوێندکاری قوتابخانەکە بووە.

گراز، دووەم گەورەترین شاری نەمسایە، کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 300 هەزار کەسە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment