فەرماندەی سێنتکۆم: ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەینە ڕێککەوتن بە هێزەوە وەڵامی دەدەینەوە
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) هۆشداریی دا و دەڵێت: ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەن بە ڕێککەوتنێك، بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی دەدەنەوە.
مایكڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، چەند بژاردەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری بەرگریی پێشنیاز کردووە، ئامادەن بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی ئێران بدەنەوە، تا ڕێگریی لەو وڵاتە بکەن چەکی ئەتۆمی هەبێت.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ئێران لە زیادکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو تا رێژەی 60% بەردەوامە، هیچ ئامانجێکی ئاشتیخوازیش لە پشت ئەو پیتاندنەوە نییە و هەڕەشەی لێکەوتەی کارەساتبار لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
مایكڵ کۆرێلا ئاشکراشی دەکات، ئێران لە 40 ساڵی ڕابردوودا هیچ کاتێك وەك ئێستا، لەڕووی پێگەی ستراتیژییەوە لاواز نەبووە، بەڵام توانای سەربازیی ماوە.