ترەمپ: شتێکی باشە کە مەسک لەو قسانەی لەبارەی منەوە کردبوونی، پەشیمانە

دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک، لە هەندێک لەو قسانەی کە لەبارەی ترەمپ کردبوونی، پەشیمانیی خۆی دەربڕی، لە بەرانبەردا ترەمپ، گوتی: شتێکی باشە کە مەسک ئەو کارەی کردووە.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ڕایگەیاند: دڵخۆشم بەوەی ئیلۆن مەسک، لە قسەکانی لەبارەی منەوە پەشیمانە و پێم وایە کارێکی باشی کردووە.
ئەمەش دوای ئەمە هات، ئەمڕۆ ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس، نوسیبووی: پەشیمانم لە هەندێک لەو قسانەی کە هەفتەی ڕابردوو لەبارەی سەرۆکی ئەمەریکاوە کردبووم.
باسی لەوەش کردبوو، قسەکانم لەبارەی ترەمپ زیادەڕۆیی زۆری تێدا بوو، هەروەها ترەمپ پەیوەندیی بەو بابەتانە نەبوو کە من باسم کردبوو.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیلۆن مەسك، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس و سەرۆکی پێشووی ئاژانسی کارامەیی حکوومەت، هاوپەیمانێکی نزیکی یەکدی بوون، بەڵام بەم دواییە مەسك ڕەخنەی توندی ئاراستەی پرۆژە یاسایەك کردبوو کە لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشنیاز کرابوو، بەمەش دۆستایەتی نێوانیان بە تەواوی تێك چوو.