ئەمەریکا: ڕێگە بە خانەوادەی سەربازە ئەمەریکاییەکان دەدەین بەحرەین و کوەیت جێ بهێڵن

بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند: بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان، ڕێگە بە خانەوادەی سەربازانی ئەمەریکا دەدەین لە بەحرەین و کوەیت بچنە دەرەوە.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس، بڵاوی کردەوە، واشنتن ڕێگە بە کارمەندە لاوەکی و خێزانەکانیان لە بەحرەین و کوەیت دەدەن ئەو وڵاتانە جێ بهێڵن.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمەریکایی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان، ڕێگە بە خانەوادەی سەربازانی ئەمەریکا دەدەین لە بەحرەین و کوەیت بچنە دەرەوە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی ئاشکرا کرد، سەلامەتی کارمەند، سەرباز و کەسوکاری سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق، بەحرەین و کویەت، لە پێشێنەی کارەکانی واشنتنە.
هاوکات دەشڵێت: فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا چاودێریی پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
هەر ئەمڕۆ پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، رێگە بە ڕۆیشتنی خۆبەخشانەی ئەو سەربازانە دەدەن، کە لە بنکە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.
پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە کرد، ئەگەر بێت و ئەمەریکا هێرشیان بکاتە سەر.