ڕۆیتەرز: یەکشەممەی داهاتوو دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دەست پێ دەکەنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

 جموجووڵە نوێیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوێنێوە بە کشاندنەوەی خانەوادەی فەرمانبەرانی لاوەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کوەیت و بەحرەین، دەستییان پێ کرد، ئاماژەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە بنبەست گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، شاندی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران گەڕێکی دیکە کۆ ببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکشەممەی داهاتوو، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران کۆ دەبنەوە.

بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکانی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە قسەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوەیە. میدیای ئەمەریکاش هەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەمەریکا و ئێران بڵاو دەکەنەوە، هەندێکیان پێیان وایە دانووستانەکانی ئەو دوو لایەنە گەیشتوونەتە بنبەست، هەندێکی دیکەش پێیان وایە، یەکشەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان بەڕێوە دەچن.

ئاژانسی هەواڵی ئێکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە گواستوویەتییەوە، ئەگەر هەیە گەڕی شەشەمی دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە سەڵتەنەی عوممان بکرێت، سەرباریی ئەوەی گرژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک، هیوای بەردەوامبوونی دانووستانەکانی زۆر کەم کردووەتەوە.

پەیامنێری ئاژانسی ئێکسیۆس ئاشکرای کردووە، ویتکۆف و عراقچی، یەکشەممەی داهاتوو لە مەسقەت، گفتوگۆ لەبارەی دوا قۆناغەکانی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەکەن.

هەردوو ئاژانسی هەواڵی(سی ئێن ئێن) و (سی بی سی) لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکاوە گواستوویانەتەوە، ئەگەری زۆرە گەڕی شەشەمی دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عوممان بکرێت.

دوێنێ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: هیوام بە ڕێککەوتن لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەماوە ."

چەندان جارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووبارەی دەکاتەوە، ئەگەر دانووستانەکان لەگەڵ ئێران نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، گورزی سەربازیی لە ئێران دەوەشێنێت.

چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025. عەزیز ناسر زادە، وەزیری بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوە کردبوو، دەخوازن دانوستانەکان بە ئەنجامێک بگەن، بەڵام ئەگەر نەگەیشتە ئەو ئەنجامە و ململانێکان هەر بەردەوام بوون لەگەڵمان، هیچ گومانی تێدا نییە لایەنی بەرانبەر شکست دێنێت، شکستەکانیشیان زۆر لەوە زیاتر دەبێت کە ئێمە پێمان دەگات.

وەزیری بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئێران توانای ئەوەی هەیە زەبر لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا  لە وڵاتانی دەوروبەر، بدات.