هێمن قادر: لە ئەمڕۆوە جووتیارانی قوشتەپە دەتوانن گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆ بکەن

هێمن قادر، سەرۆکی لێژنەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە، لە ئەمڕۆوە جووتیارانی قوشتەپە، شەمامک، خەبات بەدوای یەکدا، دەتوانن گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن بەو نرخەی بۆیان دیاریی کراوە .
پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، هێمن قادر، جێگەی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران داوای لە جووتیاران کرد، بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دانراوە، گەنمەکانیان بگەیەننە سایلۆکان و ڕادەستی بکەن و بە خشتەکەوە پابەند بن.
سەرۆکی لیژنەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران ئاماژەی بەوەش کرد، جووتیاران دەتوانن لەهەر کەموکووڕی و تێبینییەک کە هەیانبێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لەگەڵ لێژنەی باڵای بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی چارە بکرێت.
هێمن قادر ڕایگەیاند: وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ یەک تۆن گەنمی بەراو، نرخی 850 هەزار دیناری بۆ دیاریی کردووە، هاوکات بۆ گەنمی دێمی، نرخی 800 هەزار دیناری بۆ یەک تۆن داناوە بەپێی کوالێتی گەنمەکە.