وەزیری بەرگریی فەرەنسا گەیشتە هەولێر

K24 - هەولێر

فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

وەزیری بەرگریی فەرەنسا، ئێوارەی دوێنێ گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە. ئێستاش گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بڕیارە لەدوای پشوویەکی کورت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی فلۆرانس پارلی ئاشکرای کردبوو لە کۆبوونەوەکانیدا پارلی، بابەتی "دەستوەردانەکانی تورکیا" لە خاکی عێراق تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.

بەم سەردانەی، پارلی دەبێتە دووەم وەزیری فەرەنسی، لەدوای ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن. 

 

هـ.ر.