ناتانیاهۆ: ئێران دەیەوێت 10 هەزار تۆن تەقینەوە دروست بکات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم لێدوانەکانی سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران لە پەیامێکی تەلەفزۆنیدا گوتی: ئازادی خەڵکی ئێران نزیکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بەشی نۆ بۆمب، یۆرانیۆمی هەیە.
بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردە باڵاکانی ئێرانیان بە ئامانج گرتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی هەڕەشەی ئێران لەسەر وڵاتەکەمان نامێنێت، هاووڵاتییانی ئیسرائیلیش تا ماوەیەک لە پەناگەکان دەمێننەوە.
ناتانیاهۆ گوتی: ئێران دەیەوێت 10 هەزار تۆن تەقینەوە دروست بکات، دەشڵێت: شەڕمان دژی خەڵکی ئێران نییە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.