نرخی نەوت سەدا 7 بەرزبووەوە و ئەوروپا ترسی لە شەپۆلی دیکەی کۆچبەران هەیە
بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆ بەرەبەیانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکانی ئێران، نرخی نەوت بەڕێژەی سەدا 12 لە بازاڕەکانی ئەوروپا بەرزبووەوە، یەکێتی ئەوروپاش ترسی لە کۆچبەربوونی ئەو هاووڵاتییانە بۆ ئەوروپا هەیە، کە شەڕ لە وڵاتەکانیان هەیە.
پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل، بارزان حەسەن ڕایگەیاند: نرخی نەوت لە بۆرسەی نەوتی ئەوروپا بەڕێژەی سەدا 12 بەرزبووە بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆ بەرەبەیانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکانی ئێران، چاوەڕێش دەکرێت قەیرانی نەوت و سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕووبدات.
بارزان حەسەن لەبەردەم بارەگای سەرەکی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: تاکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ لێدوانیان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەداوە، لە کاتێکدا کاتژمێرێکە دەوامی فەرمی لە دامەزراوەکانی ئەوروپا دەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا چەند جارێک دووپاتییان کردووەتەوە، پێویستە ئێران و ئیسرائیل کێشەکانیان لەڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارە بکەن، ئەورووپییەکانیش بەهەموو شێوەیەک دژی بەکارهێنانی هێز و سووپای سەربازیین بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، هەرچەند یەکێتی ئەوروپا پێشتر ڕۆڵی هەبووە لە دانووستانەکان و ڕێگریی کردن لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران، چونکە سەرهەڵدانی شەڕ دەبێتە هۆی کۆچبەربوونی خەڵکێکی زۆر بۆ ئەوروپا لەو وڵاتانەی کە شەڕیان تێدایە.