تورکیا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرێت

تورکیا ئەمڕۆ هەینی داوای لە ئیسرائیل هێرشە دوژمنانەکەی بۆ سەر شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکان لە ئێران ڕاگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت دەستبەجێ کاری دوژمنانەکانی خۆی ڕابگرێت، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی نوێ.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و گوتی: پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئیستفزازییەک کە خزمەت بە سیاسەتی ستراتیجی ئیسرائیل دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند "ئەنجامدانی ئەم هێرشە لە کاتێکدایە دانووستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕ دەبنەوە، دەرکەوت کە حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نییە هیچ کێشەیەک بە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەبکات و ئامادەیە سەقامگیری ناوچەکە و ئاشتی جیهان بخاتە مەترسی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە".

لە مانگی ئایاردا تورکیا میوانداری دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپای کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر ئێران و تێیدا، سوپا سالاری ئێران و تێیدا حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران. ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگی بەشداری هێرشەکەی کردووە و لە 300 هەڵمەتی کردووە و 100 ئامانجی پێکاوە.

لای خۆیەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند: دەبێت ئیسرائیل چاوەڕێی سزایەکی توند بکات و چارەنووسێکی تاڵ و ئازاربەخش چاوەڕێی دەکات.

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل بە بە ئامانجکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، سروشتی خراپی خۆی زیاتر نیشان دا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment