موقتەدا سەدر: عێراق و خەڵکەکەی پێویستیان بە شەڕێکی نوێ نییە

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەو هێرشەی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمەریکا کردوویەتییە سەر ئێران، بە تەنها ئەو وڵاتەی مەبەست نییە، دەشڵێت: عێراق و خەڵکەکەی پێویستیان بە شەڕێکی نوێ نییە.

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە بارەی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نزای بۆ گەلی ئێران کردووە لە هەڕەشەی تیرۆری نێودەوڵەتی دوور بێت.

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامەکەیدا ئومێدی کردووە، شوێنە پیرۆزەکان لەو ئاڵۆزییانە لە عێراق پاریزراو بن، چونکە عێراق و خەڵکەکەی پێویستیان بە شەڕێکی نوێ نییە، دەشڵێت: سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق دەکەین لەلایەن ئیسرائیلەوە، داوا لە حکوومەتی عێراقیش دەکەین سزای ئیسرائیل بدات لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاسمانی نەبەزێندرێت.

سەدر داوای لە خەڵکی عێراق کرد، گوێ لە لێدوانە نا بەرپرسانەکان نەگرن کە ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە و خزمەت بەو گەندەڵانە دەکات کە دەیانەوێت لە هەڵبژاردنە پڕ گاڵتەجارییەکەیان دەنگ بەدەست بێنن.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.