نووسینگەی سیستانی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تاوانن
نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئایینی عێراق، عەلی سیستانی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی ڕابگرێت.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئایینی عێراق عەلی سیستانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشی ئەمڕۆ بەرەبەیانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە تاوان وەسف کردووە کە بەپێی بەیاننامەکە کۆمەڵێک زانا و سەرکردەی سەربازیی و سڤیلی ئێرانی بە ئامانج گرتووە لەگەڵ دامەزراوەی زانستییەکانی وڵاتەکە، دەشڵێت: ئەو هێرشانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئیسرائیل چەند مەترسیدارە.
نووسینگەی سیستانی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد فشار لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن هێرشەکانی ڕابگرێت و دووبارەی نەکاتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.