گەنە دانیشتوانی ئیستانبوڵ هەراسان دەکات

دانیشتوانی ئیستانبوڵی تورکیا بەهۆی زیادبوون و بڵاوبوونەوە و پێوەدانی 'گەنە' ڕووبەڕووی کێشەیەکی تەندروستی جددی بوونەتەوە.

ڕۆژنامەی "زەمان"ـی تورکیا، ئامارە فەرمییەکانی بڵاوکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی حوزەیران، 7002 حاڵەتی پێوەدانی گەنە لە ئیستانبوڵ تۆمار کراوە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە چونکە وەرزی هاوینیش نزیک بووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە 88%  ئەم حاڵەتانە کە دەکاتە 6165 حاڵەت، تەنیا لە سێ مانگی ڕابردوودا تۆمار کراون.

عەبدوڵڵا ئێمری گونەر، بەڕێوەبەری تەندروستی ئیستانبوڵ ڕوونی کردەوە، زۆربەی زۆری پێوەدانی گەنە، مەترسی ڕاستەوخۆی تەندروستی دروست ناکات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە هەندێک جۆری گەنە دەتوانن نەخۆشییە کوشندەکانی وەک  تای خوێنبەربوونی کۆنگۆیی بگوازنەوە .

گوتیشی: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوونی کۆنگۆیی تۆمار نەکراوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرچاوی تووشبووان بەراورد بە ساڵانی پێشوو، دۆخەکە مەترسیدارە.

بەرپرسانی تەندروستی چەند گروپێکیان دەستنیشانکردووە کە مەترسی زیاتریان لەسەرە ئەوانیش، کرێکارانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداران، دانیشتوانی ناوچە گوندنشینەکان، سەردانیکەرانی پارک و دارستانەکان و ئەوانەی حەز بە گەشتکردن و چالاکییەکانی دەرەوە دەکەن.

وەزارەتی تەندروستی تورکیا کۆمەڵێک ڕێنمایی خۆپارێزی دەرکردووە، لەوانە لەبەرکردنی جلوبەرگی قۆڵ درێژ، هەروەها دەبێت دەلینگی پانتۆڵ ببرێتە ناو گۆرەویەکان بۆ ئەوەی گەنە نەچێتە ناو لەشەوە، هەڵبژاردنی جلوبەرگی ڕەنگی سووک بۆ ئەوەی ئاسانتر گەنەکان ببینرێن، هەروەها دوای گەڕانەوە لە شوێنە کراوەکان پشکنینی وردی جەستە بکرێت، گرنگیش بە شوێنە شاراوەکان وەک بن باڵەکان و پشت ئەژنۆکان بدرێت.