میدیای ئێران: 14 کەس بەتۆمەتی پەیوەندییان بە هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیر کران

میدیای ئێران ڕایگەیاند: 14 کەس لە پارێزگای هورمزگان بەهۆی پەیوەندییان بە هێرشەکانی ئیسرائیلیەوە بۆ سەر ئێران دەستگیرکراون.

نووسینگەی جێگری پارێزگاری یەزدی ئێران ئاشکرای کرد، 5 کەس بە تۆمەتی وێنەگرتنی شوێنە هەستیارەکان دەستگیر کراون بەر لەوەی شوێنەکان بکرێنە ئامانج.

نووسینەگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەسانە ترس و دڵەڕاوکێیان لای هاووڵاتییان دروست کردووە بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانیان لە سۆشیال میدیا بڵاو کردووەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە، بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. 

 هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.