گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: فڕۆکەکانمان بە ئازادی لە ئاسمانی تاراندا دەسووڕێنەوە
ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: دەگەنە هەموو شوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئیسرائیل، دەشڵێت: فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زۆر ئازادانە بە ئاسمانی تاراندا دەسووڕێنەوە.
شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تاقیگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمیان لەنێو ئێراندا بۆمباران کردووە بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. گوتیشی: هەموو ڕێکارێک دەگرینە بەر بۆ ڕێگریی لە هەڕەشەکانی ئێران؛ دامەزراوەیەکی ئەتۆمیشمان لە شاری ئەسفەهان خاپوور کرد.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد، چەند ڕۆژێکی سەختییان لەبەردەمە، داوای لە هاوڵاتییانی ئیسرائیل کرد پابەندی ڕێنماییەکان بن. گوتی: 70 فڕۆکە زۆر ئازادانە لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە بەرەو تارانی پایتەخت دەفڕن، دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەکیشیان تێکشکاندووە.
ئیڤی دیڤرین گوتی: پێمان وایە ڕۆژانی داهاتووش ئێران بەردەوام دەبێت لە هێرشە مووشەکییەکانی، ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەکانیان بە ئاسمانی تاراندا دەخولێنەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل،لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی بۆمباران کرد و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندان.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.