وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرێشێکین ئەگەر پێویست بکات

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، دەڵێت: وڵاتەکەمان تووشی شۆک نەبوو لەوەی دوێنێ کە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئێران دەست پێ کرد، بەڵکو ئەمە شتێکی چاوەڕانکراو بوو. جەختی لەوە کردەوە، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند: ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزداین بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی کارمەندان و بنکە و بەرژەوەندییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەختی لەوەش کردەوە، لە چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوام دەبن و ئامانجیان بە سەلامەت هێشتنەوەی ئەمەریکاییەکانە لە ناوچەکەدا.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، دەڵێت: وڵاتەکەمان تووشی شۆک نەبوو لەوەی دوێنێ کە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئێران دەست پێ کرد، ئەو شتە چاوەڕوانکراو بوو.

هێگسێت، گوتیشی: ئەمەریکا خاوەن توانایەکی سەربازیی زۆرە لە ناوچەکەدا و ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکە ئەگەر پێویست بکات.

هاوکات، ئاماژەی بە هەڵوێستی ترەمپ کرد و ئاشکرای کرد، ترەمپ بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئاشتی بە باشتر دەزانێت، ئەویش لە رێگەی دانوستانەوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران هێشتا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.