سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی حەوت فەرماندەی ڕاگەیاند

یەکشەممە،15ـی حوزەیران 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، کوژرانی حەوت فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسدارانی بڵاو کردووەوتەوە کە تێیدا هاتووە "لە ئەنجامی هێرشی ترسنۆکانەی ئیسرائیل، حەوت فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران شەهید بوون، ئەوانیش بریتین لە مەحموود باقڕی، داوود شێخیان، محەممەد باقر تاهیرپوور، مەنسوور سەفەرپوور، مەسعود تەیب، خەسرەو حوسنی و جەواد جەرسەرا."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو فەرماندانە هەموویان پلەی لیوایان هەبووە و ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، لیوا حاجی زادە، کوژراون.