وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: خەریکە تاران دەکرێتە بەیروت
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە، پلانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر ئێران سەرکەوتوو بووە و دەڵێت: ڕێبەری ئێران خەریکە تاران دەکاتە بەیروت.
یەکشەممە، 15-06-2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەکەی، ناوچە زیانلێکەوتووەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ئێرانیان بۆ سەر تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەند شوێنێکی دیکە، بەسەر کردەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە یەکێک لە شوێنە زیانلێکەوتووەکان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە دژی ئێران باشتر لەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیش دەبێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی: هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، زۆر بەهێز و سەرکەوتوو بوون. ئاماژەی بەوەش دا "خامنەیی خەریکە تاران دەکاتە بەیروت و خەڵکەکەی دەکاتە بارمتە."
ڕۆژنامەی "هارتس"ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەریکا کار دەکات بۆ ئەوەی پەیام لە نێوان بەرپرسانی تاران و تەلئەڤیڤ ئاڵوگۆڕ بکرێن بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
هەمان ڕۆژنامە باسی لەوەش کردووە، لە ئێوارەی دوێنێ شەممەوە، 14-06-2025، ئیسرائیل زیاتر لە 80 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر چەندان شاری ئێران.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن.
هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.