ئەفیخای ئەدرەعی: سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر 170 پێگە لەنێو خاکی ئێراندا

ئەفیخای ئەدرەعی، یەکێک لە گوتەبێژانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: سوپای وڵاتەکەی لەماوەی سێ ڕۆژدا، هێرشی کردووەتە سەر 170 پێگە و 720 ژێرخانی سەربازیی ئێران.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەفیخای ئەدرەعی، یەکێک لە گوتەبێژانی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی کەسیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی هەواڵگریی سەربازیی، بەدرێژایی دوێنێ شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی تاراندا بوون و هێرشیان کردە سەر ژێرخان و پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران. لەو هێرشانەدا، 80 شوێنیان بۆمباران کرد، لەوانەش وەزارەتی بەرگریی و  بارەگای فەرماندەیی تایبەت بە پرۆژەی ئەتۆمی، لەگەڵ چەند پێگەیەکی دیکەش کە ئێران وەک ئەرشیفی ئەتۆمی بەکاریان دێنێت.

ئەدرەعی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەچوارچێوەی پرۆسەی(شێری ڕابوو)، هێرشەکانی بۆ سەر پرۆژە ئەتۆمییەکان چڕ دەکاتەوە و لە دڵی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەدەن بۆ ئەوەی حکوومەتی ئەو وڵاتە بێبەش بکەین لە چەکی ئەتۆمی. ئاشکراشی  کرد، 50 فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر پرۆژە ئەتۆمییەکان.