یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران کۆدەبێتەوە

یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێک خستەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا جەخت لە ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماسیانە بۆ ناکۆکییەکان دەکەنەوە. 

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆدەبنەوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بۆ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەرەخسێنێت کە پێشنیازەکانیان بۆ ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماسییانە بخەنە ڕوو.

جەختیشی کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا پابەندە بە ئاسایشی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان. گوتیشی: یەکێتیی ئەورووپا هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دۆزینەوە ڕێگە چارەیەک بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ڕێگەی دانوستانەوە بەکار دەهێنێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.