ئێران، ئیسرائیلی مووشەکباران کردەوە

سوپای پاسدارانی ئێران بە هەڵدانی دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان چەند ناوچەیەکیان لە تەلئەڤیڤ و ئۆرشەلیم پێکاوە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەم هێرشە مووشەکییەی کراوە، یەکێک لە هێرشە فراوانەکانی ئێران و لە جەلیلی باکووری ئیسرائیلەوە تاوەکوو ناوچەی ئیلاتی باشووری گرتووەتەوە.

هەروەها لە سەرتاسەری ئیسرائیل دەنگی زەنگی ئاگادارکەرەوە دەبیسرێت.

بە گوێرە زانیارییە سەرەتاییەکان، مووشەکەکانی ئێران سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیان تێپەڕاندووە و وێستگە و پاڵاوگەی حەیفای لە باکووری ئیسرائیل پێکاوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، شەپۆلی هەشتەمی هێرشە مووشەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێ، کەمێک لەمەوبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد.

بە گوێرەی میدیاکانی عەرەبی، لەم هێرشەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025، مووشەکەکانی ئێران سێ باڵەخانەیان لە تەلئەڤیڤ و باڵەخانەیەکیش لە حەیفا خاپوور بوون.

دەنگۆی برینداربوونی زیاتر لە 20 هاووڵاتیی ئیسرائیلی دەکرێت لە تەلئەڤیڤ و ئۆرشەلیم بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، یەكێک لە بریندارەکان تەندروستی ناجێگیرەوە ژیانی لە مەترسیدایە.

لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری فرانس پرێس لە شاری قودس ڕایگەیاندووە، کەمێک دوای ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کە چاودێری شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی ئێران دەکەن، بەڵام هێندەی نەخایاند و مووشەکەکان زۆر بەخێرایی گەیشتنە ئاسمانی تەلئەڤیڤ و ئۆرشەلیم، چەند مووشەکێکیش سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بڕیوە و بەر ئامانجەکانیان کەوتوون.