پزیشکیان: هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی عەرەبییەدا دووپاتی دەکاتەوە، وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات لە ئێستا و داهاتووشدا.
پزیشکیان لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند: پێشتریش ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە، بۆ داهاتووش هەوڵ بۆ ئەوە نادات، پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد، یاسا نێودەوڵەتییەکان وڵاتان دەست کراوە دەکات لە مافی، چالاکیی زانستی بە وزەی ئەتۆمی، مەبەستی پرۆژەی ئاشتیخوازانە.
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت بۆ مەبەستی چارەسەری و دەستنیشانکردنی نەخۆشیی، هەروەها کشتوکاڵ و پیشەسازیی.
سوپای ئیسرائیل بەرە بەیانی هەینی ڕابردوو، 13ی حوزەیرانی 2025، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و لە یەکەم هێرشیدا، شەش زانای ئەتۆمی و ژمارەیەک لە سەردەی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانی کردە ئامانج.
بە گوێرەی ئاژانسی مێهر، حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی 65 کاتژمێر بەسەر زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل 224 هاووڵاتی کوژراون، کە لە نێوانیاندا ئافرەت و منداڵیش هەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 1481 هاووڵاتی برینداربوون، کە 1277 کەس لە بریندارەکان تاوەکوو ئێستاش لە نەخۆشخانەکان چارەسەری تەندروستیان بۆ دەکرێت، لە نێویشیاندا %90یان خەڵکی سڤیلن.