ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم: پوتن بە خامنەیی گوتووە 'دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ بکەنەوە'

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، پوتن بە خامنەیی ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتەکەی لە مەترسیدایە.

ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل هیۆم'ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداریی بە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران داوە و پێی گوتووە: دەسەڵاتەکەت لە مەترسیدایە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکەی ڕاگەیاندووە، پوتن لەسەر داوای ئێران، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و خامنەیی لە ئەنجامی گفتوگۆکە ئاگادار کردووەتەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سەرۆکی ڕووسیا ئامۆژگاریی ڕابەری باڵای ئێرانی کردووە بە خێرایی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ بکاتەوە، ڕاستەوخۆش فەرمانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ڕووسیای لە تاران دەرکردووە.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.