ئێران بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل کەسێکی لە سێدارە دا

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، کەسێکی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆسادی ئیسرائیلی لە سێدارەدا کە لە ساڵی 2023ـەوە لە ئێران دەستگیر کراوە.

پێگەی میزان ئۆنڵاین نکە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ئاماژەی بەوە کردووە،"ئیسماعیل فیکری بەکرێ گیراوی مۆسادی ئیسرائیلی بوو" دەشڵێت: پاش جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکارە یاساییەکان، فەرمانی لە سێدارەدانەکە جێبەجێ کراوە.

دوێنێ تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە، دوو کەسیان بەتۆمەتی کارکردن لەپێناو ئیسرائیل، دەستگیر کردووە، تەلەفزیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دوو کەسە کاری تێکدەرانەیان لە تارانی پایتەخت ئەنجام داوە.

ڕۆژنامەی تەهران تایمزی ئێرانی دوێنێ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی هەواڵگریی کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بۆمبڕێژکراویان لە ئیسلام شەهر ئاشکرا کرد کە کاریان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوەی مۆسادی ئیسرائیلی دەکرد.