گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: 20 ناوەندی سوپای پاسدارانمان خاپوور کرد
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: دوێنێ شەو"گورزی بەهێز"یان لە سوپای پاسدارانی ئێران داوە، بەشێوەیەک، 20 ناوەندی سەربازییان خاپوور کردووە.
دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: دوێنێ شەو 50 فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل، "هێرشی بەهێز"یان کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و 20 ناوەندی سەربازی سوپای پاسدارانیان خاپوور کردووە، لەو هێرشەشدا، بەرپرسی هەواڵگری فەیلەقی قودس و سوپای پاسداران، لەگەڵ دوو لە جێگرەکانی کە پێشتر بەرپرس بوون لە هێرشەکانی دژی ئیسرائیل، کوژران.
ئیڤی دیڤرین ئاماژەی بەوەشکرد، بنکەکانی بەرگریی ئاسمانییان وێران کردووە، چەند پرۆژەیەکی ئەتۆمیشیان لەکارخستووە، گوتی: ئێمە تەواوی شوێنە بە ئامانج گیراوەکان زۆر بە وردی دەپێکین.
ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: شەوی ڕابردوو گورزێکی بەهێزمان لە تەواوی ئێراندا، لەو هێرشەدا 50 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کرد، 120 سەکۆی هەڵدانی مووشەکمان خاپوور کرد کە سێ بەشی سەکۆکانی مووشەکی تەواوی ئێرانە، هەر سەکۆیەک لەوانە، دەیان مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل دەکرد، بۆیە ئێران ئەمشەو توانی بە نیوەی تواناکانی پێشووی، مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە: بەردەوام دەبن لە تێکشکاندنی سەکۆکانی مووشەکی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئیسرائیل دروست دەبن، گوتی: ئیسرائیل لە تەواوی بەرەکانی شەڕ لە یەمەن، غەززە، کەنارەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت، دەڵێت: تەواوی هێزەکانی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی ئیسرائیل، بە سەربازانی یەدەگ و سەربازانی سەرەکی، هەوڵی پاراستنی وڵاتەکەیان دەدەن، گوتیشی: هەرچەند ڕۆژانێکی زەحمەتە، بەڵام تێپەڕی دەکەین و تێیدا سەرکەوتوو دەبین.