پزیشکێک: ئیسرائیل لە ڕێگەی ڤاکسینێکەوە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە

عەباس تەبریزیان، پزیشکی ناوداری ئیسلامیی ئێرانی
عەباس تەبریزیان، پزیشکی ناوداری ئیسلامیی ئێرانی

پزیشکێکی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل لە ڕێگەی ڤاکسینێکەوە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە.

دووشەممە، 16-06-2025، عەباس تەبریزیان، پزیشکی ناوداری ئیسلامیی ئێرانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام، زانیاریی نوێی لەبارەی چۆنییەتی بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە لایەن ئیسرائیلەوە، بڵاو کردەوە. 

ئەو پزیشکە ئیسلامییە باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل بۆ کوشتنی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، سوودی لە ڤاکسینێک وەرگرتووە. 

عەباس تەبریزیان ئاماژەی بەوەش کردووە " چەند ساڵێک پێش ئێستا، ژمارەیەک لەو فەرماندە باڵایانەی سوپای پاسداران کە کوژراون؛ جۆرێکی ڤاکسینێکی کۆرۆنایان بەکار هێنابوو، ئیسرائیلیش لە ڕێگەی ئەو ڤاکسینەوە توانیویەتی شوێنیان پێ بزانێت و بیانکوژێت."

وەکوو ئەوەی ئەو پزیشکە ئیسلامییە ئاماژەی پێ داوە، پێشتر زۆر هۆشداریی داوەتە ئەو فەرماندە باڵایانەی سوپای پاسداران کە ڤاکسینەکە بەکار نەهێنن، بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتووە و سووربوون لەسەر بەکارهێنانیان. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.